لە پێنجەم ئۆپەراسیۆنی دژ بە پێنج شارەوانییەکانی جەهەپەی سەر بە شارەوانی گەورە شاری ئەستەنبوڵدا ٣٨ کەس دەستبەسەرکران، دوای ڕێکارەکان لە بنکەی پۆلیسەوە ڕەوانەی دادگا کران. لە کاتی ڕەوانەکردنیاندا هەموو دەستبەسەرکراوان لە نێو گەمارۆی پۆلیسدا ڕیزکراون وێنەیان بڵاوکراوەتەوە. ئەم گرتنەبەر و کردەوەیە ناڕەزایەتییەکی مەزنی لێکەوتەوە.
هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان لە پەیامێکدا دیمەنی گرتنەبەرەکانی پۆلیسییان شەرمەزار کرد، کە دەستبەسەرکراوەکان ڕیز دەکرێن و بار بە ئۆتۆمبیل دەکرێن بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا. دەم پارتی ئەم کردەوانەی شەرمەزارکرد و بە 'هەراسنکردنی سیاسی' ناوهێنا.
تونجەر باقرخان لەسەر هەژماری ئێکسی تایبەت بەخۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ئەم کردەوەیە هاوشێوەی 'دادگایکردنی ١٢ـی ئەیلول و ئۆپەراسیۆنە قڕکردنە سیاسییەکانی کەجەکەیە' نیشانەی هەراسانکردنی سیاسی و پێشێلکردنی یاساییە.
لای خۆیەوە تولای حاتەم ئۆغوللاریش گرتنەبەرەکانی ئێستایی بە درێژکراوەی نایاساییەکانی پێشوو چواند و گوتی: "زۆر بەڕوونی دەبینین کردەوەی لەم شێوەیە چ جۆرە زیانێک دەگەیەنێت بە ئاشتی کۆمەڵایەتی. ئۆپەراسیۆنی سیاسی و هەوڵە پروپاگەندەییەکان، زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە تورکیا لە لێگەڕینی یاسایی، دیموکراسی و ئاشتییدا. دەبێت دەستبەجێ کۆتای بەم کردەوانە و فشاری دادوەری لەسەر سیاسەت بهێندرێت."