سێ ساڵە چارەنووسی ئیدریس فەقیهی دیار نییە
ئیدریس فەقیهی گەنجێکی کوردی خەڵکی سنە، لە مانگی ئابی ٢٠٢١ـەوە پاش دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بوکانەوە بێسەروشوێن کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بە بنەماڵەکەی نادرێت.
ئیدریس فەقیهی گەنجێکی کوردی خەڵکی سنە، لە مانگی ئابی ٢٠٢١ـەوە پاش دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بوکانەوە بێسەروشوێن کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بە بنەماڵەکەی نادرێت.
ئیدریس فەقیهی، گەنجێکی کوردی سوننە خەڵکی سنەیە کە زیاتر لە ٣ ساڵە چارەنووسی دیار نییە و بەشیویەی زۆرەملێ بێسەروشوێن کراوە. ئەم دۆخە بە پێشێلکارییەکی ڕوون و توندی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت. لە ٢٥ ئابی ساڵی ٢٠٢١ـەوە، ئیدریس فەقیهی لە کاتی شەڕێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و چەکدارانی نەناسراو لە گوندی عیلم ئاباد لە ناوچەی بوکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار و دواتر دەستبەسەر دەکرێت.
لەپاش دەستبەسەرکردنی بنەماڵەکەی لە شوێن و جێگەی دەستبەسەربوونی ئاگادار نەکرانەوە و هیچ ناوەندێکیش بەرپرسیارێتی دۆخەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. تەنانەت ڕوون نییە کە ئایا لە ژیاندا ماوە یان نا. بەڵام بنەماڵەکەی بەردەوام لەم ماوەیەدا پەیوەندی بە ناوەندە ئەمنی، حکومی و دادوەریەوە دەکەن، بەڵام هەمیشە هیچ وەڵامێکیان بە ئەرێنی و نەرێنی نەدراوەتەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣ساڵ لە نادیاری چارەنووسی، هیچ دۆسیەیەکی دادگا و هیچ بڕیارێکی فەرمی یان لێدوانێک سەبارەت بە ئیدریس فەقیهی تەنانەت شوێنی ڕاگرتنی بڵاونەکراوەتەوە. ئەم بێدەنگییە ڕەهایە نموونەیەکی ڕوونی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێیە، کە بە شێوازێکی سیستماتیک بۆ لەناوبردنی تاکەکان لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ڕوودەدات، ئەمەش دۆخێکی وێرانکەری بۆ بنەماڵە و کەسوکاری دروستکردووە.
بەپێی پێناسە نێونەتەوەییەکان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک لەلایەن هێزە دەوڵەتیەکانەوە دەستبەسەر کرابێت، ڕفێندرابێت، یان زیندانی بکرێت و دواتر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی بە نهێنی دەهێڵرێتەوە. حکوومەتی ئێران بە هۆی کەڵک وەرگرتن لەم شێوازە کردەوە نایاساییانە، زۆرجار لەلایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە.