دەم پارتی: دەبێت بەتەواوەتی چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێنرێتەوە

سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت داوای کرد بۆ تیمارکردنی برینە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەجێ هەنگاوی یاسایی بنرێت و گوتی: "دەبێت بە تەواوەتی چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێنرێتەوە".

سەرۆک فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت لە پەرلەمان دەربارەی پێشهاتەکان قسەی کرد.

'دەبێت بە تەواوەتی چاو بە سیستەمی دادەوری بخشێنرێتەوە'

گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت تیشکی خستەسەر دەیەمین پاکێجی دادوەریی کە چاوەڕێ دەکرێت بهێنرێتە پەرلەمان، ڕایگەیاند ئەو پاکێجانەی پێشتر هەبوون هەرگیز نەیانتوانیوە دادپەروەری بەدی بهێنن و نایەکسانییەکان بسڕنەوە، گوتی: "مادام باسی ئایندەی دیموکراتیکی تورکیا دەکەین، دەبێت هەنگاوبنرێت بۆ ئەوەی ستەمەکانی بواری دادوەری کۆتایی بێت، ئەو کەسانەی بە ناهەق گیراون ئازادبکرێن و برینە کۆمەڵایەتییەکان تیمار بکرێن. دیسانەوە داخوازەکەمان دووبارە دەکەینەوە. نەوەک هەر پەیوەست بە جێبەجێکردنی سزاکان، نەوەک هەر پەیوەست بە جیاکارییەکان لە زیندانەکان. داوا دەکەین، بە تەواوەتی چاو بە سیستەمی دادەوەرییدا بخشێنرێتەوە".

'ئاشتی پێویستە بۆ چارەسەری پرسی کورد'

گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت ڕایگەیاند دەبێت هەموو خاڵە جێ‌ناکۆکییەکان هەموابکرێنەوە، گوتی: "بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، پێویستە ئاشتی لەم وڵاتە بێتەدی. ئێمە داوای ڕوونمان هەیە. لە کۆبوونەوەکانماندا ئەم داخوازیانەمان خستووەتەبەردەم بەرپرسانی ئاکەپە و نوێنەری پارتە سیاسییەکان".  

ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لە مەسەلە گرنگەکان پرسی جیاکاریی یاساییە، لەوانەش ئازادکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامێتی ڕێکخستن گیراون. گوتی: "بەهۆی نووسینی نامە، بەرزکردنەوەی درووشم، پاراستنی ماف و ئازادییەکان، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان ئاستەنگ دەکرێت. لەلایەکی ترەوە، بکوژانی ژنان، ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان، سوود لە ئازادکردنی مەرجدار وەردەگرن. دەیان هەزار زیندانی سیاسی هەن".

ڕۆڵی پەرلەمان لە پرۆسەکەدا

گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت گوتی: "پرۆسەکە بەردەوامە. بەڕێز ئۆجالان لە ٢٧ ی شوبات بانگەوازی کرد، رێکخستنیش لە ٥_٧ی ئایاردا کۆنگرەی بەست، پرۆسەکە بەردەوامە. ئایا گەرەنگی یاسایی بۆ پرۆسەکە هەیە؟ ئایا لە پەرلەمان چوارچێوەی یاسایی بۆ چارەسەر ئامادەکراوە؟ نەخێر. لە پرۆسەی ساڵانی ٢٠١٣_٢٠١٥ ڕێککەوتنی وەها بەرفراوان نەبوو.

ئەوەی گرنگە، شەفافییەتی کۆمیسیۆنەکەیە

کۆچیگیت تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان، ڕایگەیاند پێویستە ئەم کۆمیسیۆنە لەنێو پەرلەمان پێکبهێنرێت، سەبارەت بە چۆنێتی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکەش کۆبوونەوە و گفتوگۆی ڕووبەڕووی پارتە سیاسییەکان بەڕێوەبچێت. گوتی: "دەبێت ئەم کۆمیسیۆنە، گوێ لە ئەندامانی ڕێکخراوەکان و ژنان و ئەکادیمیسیانەکان و ڕۆژنامەنووسان بگرێت و پێشنیارەکانیان بۆ پرۆسەکە بخاتەڕوو. کۆمیسیۆنێک بتوانێت لە نموونەکانی جیهان بکۆڵێتەوە، بۆ ئێمە زۆر گرنگە.

لە هەمووی گرنگتر، شەفافیەتی کۆمیسیۆنەکەیە. دەبێت هەموو ئەم گفتوگۆیانە لەبەرچاوی کۆمەڵگە بەڕێوەبچن. دەبێت کۆمیسیۆن ببێتە ناونیشانی سەرەکی و مێزی گفتوگۆ، پەرلەمان دەسپێشخەریی بکات و ئۆپۆزیسیۆنیش ببێتە بەشێک لەم دەسپێشخەرییانە".

OSZAR »