پێنووسی ڕێبەر ئاپۆ بۆ منداڵان
لە ڕۆژی ٧-٨ـی حوزەیراندا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە بنەماڵەکان سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و چاویان بە ڕێبەر ئاپۆ کەوت. لە دیدارەکەدا کە دوای ٢٦ ساڵ ڕێبەر ئاپۆ چاوی بە عەلی ئۆجالانی کوڕی فاتیمەی خوشکی و نەوەکانی ڕوناهی ئارژین (١٠) و دیلان ئارین ئۆجالان کەوت. پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی عومەر ئۆجالانیش بەشداربوو.
لە دیدارەکەدا ڕێبەر ئاپۆ پێشوازی لە کەسوکارەکەی کردووە و بەتایبەت منداڵەکانی لە ئامێز گرتووە و بە تاسەوە ماچیانی کردووە و ئەمەی گوتووە: "پێم بێژن دەچنە قوتابخانە یان نا". دواتر پێنوسێکی پێشەکەشی منداڵەکان کردووە و پێیانی گوتووە، 'بخوێنن'.
لە بەردەوامی دیدارەکەدا ڕێبەر ئاپۆ پرسیاری لە ڕووناهی عەلی ئۆجالان کردووە؛ 'تۆ دەخوێنی، دەتەوێت ببێت بە چی؟' ڕوناهیش وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی 'دەمەوێت ببمە پارێزەر'.
هەر لە دیدارەکەدا ڕێبەر ئاپۆ هەواڵی ڕحا بە گشتی، گوندەکەی و خەلفەتی پرسیووە لە کەسوکارەکەیی. هەروەها دەربارەی دۆخی پەکەکە لە خەلفەتی پرسیاری کردووە. ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی هەندێک خزم و ناسیاوی پرسیاری کردووە، هەروەها یادی ئەو خزمانەی کردووەتەوە کە گیانیان لە دەستداوە و گوتوویەتی: "هەموویان بەهاداربوون بۆم، سڵاوم بگەیەنە بە خزم و گوندنشینان و خەڵکی خەلفەتی. سڵاوم بە هەموو ئەو کەسانە بگەیەنە کە هەواڵی من دەپرسن."
ڕێبەر ئاپۆ لە گفتوگۆکەییدا ئەمەیشی گوتووە: "لێرەوە ژیانێکی نوێ بونیات دەنێین، دۆخێکی لەم شێوەیەمان هەیە". ڕێبەر ئاپۆ بە ئیرادەیەکی بەرزەوە گوتیشێتی: "گەنجم و زۆر لەسەرخۆمم. دۆخی خۆم بەباشی دەبینم."
لە کۆتاییدا ڕێبەر ئاپۆ تەزبیحێکی خۆی پێشکەش بە عەلی ئۆجالانی خوشکەزای کردووە.