نوێکرایەوە

دەم پارتی دەچێتە ئیمراڵی، ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت عەبدی و بارزانی و تاڵەبانی ببینێت

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "بەنیازین لە نزیکترین کاتدا بچینە ئیمراڵی. ئەگەری زۆرە، بەڕێز ئۆجالان لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییە جیاوازەکان کۆببێتەوە".

وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان لە ناوەندی پارتەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. ڕایگەیاند وەک دەم پارتی ئامادەکاریی دەکەن بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی، دووپاتی کردەوە کە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت چاوی بە مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکەوێت.

پرسی کورد تەنها پرسی کوردەکان نییە

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند پرسی کورد تەنها پرسی کوردەکان نییە، ئەوان ئامادەکاریی دەکەن بۆ چارەسەری پرسی کورد، دووپاتی کردەوە کە ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانەی لەگەڵیاندا کۆبوونەتەوە داوای پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و شەفافییەتی بابەتەکانیان کردووە.

کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند بڕیار وایە لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپەش کۆببنەوە و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن، دووپاتی کردەوە، نەوەک تەنها لەگەڵ ئەو پارتانەی نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە، بەڵکو لەگەڵ ئەو پارتانەش کە نوێنەریان لە پەرلەمان نییە درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدەن.

ئامادەکاری بۆ سەردانی ئیمراڵی

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند وەک دەم پارتی ئامادەکاریی دەکەن بۆ چوونە ئیمراڵی، پلانیان وایە لە نزیکترین کاتدا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن. گوتی: "بە شاندێک کە پێکدێت لە هاوسەرۆکان و ئەندامانی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتەکەمان دەچینە ئیمراڵی. ئامادەکاریی دەکەین بۆ دیدار و ڕاوێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان، تاوەکو لەم قۆناغە تێبگەین و بەهێزتر خۆمان ڕێکبخەین. وەک شاندی دەم پارتی لە نزیکترین کاتدا سەردانی دەکەین. ئەگەری زۆرە بەڕێز ئۆجالان لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییە جیاوازەکان کۆببێتەوە".

دەیەوێت عەبدی و بارزانی و تاڵەبانی ببینێت

ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "کاتێک لە سەنگ و بەرفراوانی پرسەکە دەڕوانین، بڕوامان وایە بۆ بەڕێز ئۆجالان بەسوودە کە چاوی بە بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز مەزڵوم عەبدی و بەڕێز قوباد و بافڵ تاڵەبانی بکەوێت. ئێمە دەزانین کە ئەو دەیەوێت ئەم دیدارانە ئەنجام بدات. دەمانەوێت ئەمە بە ڕای گشتی ڕابگەیەنین، ئەمە داخوازی بەڕێز ئۆجالانە. بڕوامان وایە کە ئەمە سودبەخش دەبێت. بەلای ئەوەوە گرنگە کە لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییە جیاوازەکان و کەسایەتییە گرنگەکان کۆببێتەوە. ئەمە پێویستە بۆ پرۆسەی ئایندە".

OSZAR »